تەها بەرواری، وەزیری وەرزش و لاوان:تێڕوانینی عومەر فەتاح بۆ فەرهەنگخانەكان باش نەبوو چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دۆکیومێنت گشتی
سێ شەممە, 27 تشرینی یەکەم 2009 19:04

تەها بەرواری، وەزیری وەرزش و لاوان، زۆری لە سەر گوتراو نووسرا، بەتایبەتی لەلایەن ئارێز عەبدوڵڵای سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رۆشنبیریی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان،
تەها بەرواری گوتی ئارێز عەبدوڵڵا یەكەمجار لە (رووداو)وەوە دەستی پێكرد. تەها بەرواری كە وەزارەتەكەی لەكاتی هاتنەپێشەوەی قسەوباسەكانی بچووككردنەوەی حكومەت دووساڵ پێش ئێستا، هەموو كەس حسابی نەمانی بۆ دەكرد، دەڵێ زۆر كارمان كرد و بووینە قوربانی زۆر كاركردن، بەڵام "ئێستا لە كۆتایی كابینەی پێنجەم دا ناچارم هەندێ راستی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەم".
رووداو-هەولێر
رووداو:-
ئەوەی لەو راپۆرتەی كە بەناوی لێژنەی پەیوەندییەكان و رۆشنبیری پەرلەمان بڵاوكراوەتەوە و، ئارێز عەبدوڵڵاش لە لێدوانەكانیدا رەخنەیەكی زۆر لەوبارەوە لێتان دەگرێ كە ئێوە بەشێوەیەكی حیزبی كارێكتان كرد كە بانگ نەكرێن بۆ پەرلەمان، هەروەها وەڵامی پرسیاری چوارەمی پەرلەمانیشتان نەداوەتەوە، بۆچی نەچوونە بەردەم پەرلەمان؟
تەها بەرواری: ئێمە وەڵامی هەموو پرسیارەكانمان دایەوە، لەو كاتە یاساییەی پەرلەمان داینابوو كە دوو هەفتەیە. وەڵامەكانیش دەدەینە ئێوەو ئازادن لە بڵاوكردنەوەیان . بنەمای كاركردنی پەرلەمان لەوبارەوە ئەوەیە ئەگەر ئەو وەڵامە موقنیع بێ بانگی وەزیر ناكرێ، ئەگەرنا بانگ دەكرێ، ئێمە بانگ نەكراین. ئەگەرنا خۆمان لە رێگەی بەڕێز سەعد خالد وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان داوامانكرد و زۆریشمان پێخۆشبوو بانگبكرێین. بەوە دەمێكبوو ئەو دەنگۆیانەی دژی حكومەت دەكران بۆ لێدانی كابینەی پێنجەم و بە بەتایبەت وەزارەتی وەرزش و لاوان، كۆتاییان پێدەهات. ئێمە پێمانوایە غەدرێكی زۆر گەورەمان لێكرا كە بانگ نەكراین بۆ پەرلەمان. بەڵام بنەماكەی پەرلەمان وایە. پێش هەموو شتێكیش نەدەبووایە ئەوە وەك راپۆرتی لێژنەكە بڵاوبكرابایەوە، چونكە ئەوە رای یەكگرتووی لێژنەی رۆشنبیری و پەیوەندییەكانی پەرلەمان نییە، ئەو بابەتە پێش ئەوەش خرایە بەر گفتوگۆ، دەستەی سەرۆكایەتی رێی لە كاك ئارێز گرت و گوتی ئەوە رای خۆتە، ئەمە رای لێژنەی رۆشنبیری نییە، بۆیە ناتوانین وەریبگرین. ئەوەش راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆن نیشاندرا. بۆیە ئێمەش وەك راپۆرتی لێژنەكە قبولی ناكەین.
رووداو:- مەسەلەی فەرهەنگخانەكان لەو راپۆرتەدا گرانایی دراوەتێ كە دانانیان شتێكی نایاساییە و لە قانونی وەزارەتدا نییە؟
تەها بەرواری: نەخێر دامەزراندنیان یاساییە. مادەیەك لە یاسای وەزارەت دەرگا بۆ وەزیر دەكاتەوە ئەو ئۆرگانەی پێویستە دایبمەزرێنێ. لە ماددەی 7 لە برگەی 2 ئاماژە بەوە دراوە.
پێمانوایە ئەگەر تێبینی لەسەر نایاسایی بوونی فەرهەنگخانەكان هەبێ، لەبەر ئەوەبووە چونكە پرۆژەیەكی سەركەوتووبوون. ئێمە پێشمان گوتن ئەگەر ئێوە بە نایاساییان دادەنێن ئامادەین داوای هەمواركردنی یاسا بكەین، بەڵام پەلەی لێبكرێ. ئەو پرۆگرامەش لەلایەن لاوانەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا. بۆیە فۆرمەكە ئەگەر كەموكوڕیشی تێدا بێ پێشتر رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانمان وەرگرت. لەگەڵ سەرۆكی لێژنەی یاسایی قسەمان كرد و، گوتی یاساكەتان دەرفەت دەدات شتی دیكەش دروستبكەن. هەروەها پرۆتۆكۆلی 19/9/2007 دەدەینە ئێوە، كە هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری پارێزگەكان و لەگەڵ پسپۆرەكانی وەزارەت كۆبوونەتەوە و بڕیاریان لەسەر دامەزراندنی فەرهەنگخانەكان داوە و، لەسەر ئەوەی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی فێركاری بن لە دیوانی وەزارەت.
رووداو:- ئاراس وەلی، سەرپەرشتیاری فەرهەنگخانەكان لە سلێمانی رێگری لەكارەكانی دەكرا، بۆچی لە دهۆك و هەولێر هەبوون بەڵام لە سلێمانی وابوو، دەگوترێ یەكێتی پێیدەگوتن ئێوە بنكەی پاراستن دادەنێن؟
تەها بەرواری: پێموایە بێ متمانەییەكی زۆر هەبوو. هەروەها بایكۆتێكی میدیای زۆر لەسەر وەزارەتەكەمان هەبوو، بۆیەش زانیاری هەڵە بەتایبەتی لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان لەسەر ئێمە بڵاودەبووەوە. بۆ زانیاریتان تائێستاش ئێمە یەك فەرهەنگخانەمان لە نێو شاری هەولێر نییە، دەمانویست زیاتر لە شارۆچكە و شوێنە دوورەكان بیانكەینەوە. فەرهەنگخانەی سلێمانی لە 11/9/2007 بە ئامادەبوونی بەڕێز ئازاد جوندیانی بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی كرایەوە، بەڵام بەداخەوە یەكێتی دواتر دایخست. پرۆگراممان بۆ هەموو شوێنەكان هەبوو، یەكەمین شوێنیش كە لێیەوە دەستمان پێكرد هەڵەبجەی شەهید بوو كە مامۆستای سویدیمان هێنا لەوێ بونیاتی یەك فەرهەنگخانەمان دانا، سیاسەتی ئێمە لە دانانی فەرهەنگخانەكان ئەوەبوو كە لە ناوچە دوور دەستەكانەوە دەستپێبكات، بۆیە فەرهەنگخانەكانمان لە رانیە، كەركووك، چۆمان، رزگاری، ئامێدی و مێرگەسۆر دانا، پاشان هەنگاو بەهەنگاو هاتین بۆ ناو شارەكان، چونكە پێمانوابوو ئەو ئیمكانیەتە و دەرفەتەی لەناو شارەكان بۆ لاوان هەیە زیاترە.
رووداو:- یەكێتی بۆچی فەرهەنگخانەكەی سلێمانی داخست؟
تەها بەرواری: ئەو پاساوە فەرمییەی بە ئێمەیان راگەیاند ئەوەبوو گوایە شوێنەكە نزیكی دەزگای ئاسایشە  و ئاسایش بەهۆی هاتووچۆی لاوان ئیزعاج دەبێ.
رووداو:- بۆچی لە هەولێر نەتانبوو و لە سلێمانی داتاننا، بۆچی یەكێتی گومانی لە فەرهەنگخانەكانتان دەكرد؟
تەها بەرواری: لە دهۆك هەمانە بەڵام لە هەولێر نیمانە، ئەویش لەبەر ئەوەی لە هەولێر بینایەمان نییە، ئەگەر ئێستا بینایەمان هەبێ بە دڵنیاییەوە دەیكەینەوە. بودجەی فەرهەنگخانەكان لە ساڵی 2008 بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران راگیرا، كە بە قەناعەتی ئێمە هۆكاری سیاسی لەپشت راگرتنیەوەبوو. بەڕاستی ئێستا كە كۆتایی كابینەكەیە، ناچارم دەبێ راستییەكان بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەم. تێبینییەكی زۆر لەسەر ئەو فەرهەنگخانانە هەبوو، راپۆرتی هەڵە لەبارەیانەوە بۆ یەكێتی چووە. من ناڵێم تەنیا یەكێتییەكان، بەڵكو هەندێ لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە پارتیشن پێیان خۆش نییە ئەو فەرهەنگخانانە هەبن، چونكە ستایل و مۆدێلێكی نوێیە، لەبەر ئەوە تێگەیشتنێكی باشیان بۆ نەبوو.
رووداو:- ئەو فەرهەنگخانانە كە لە ساڵی پارەوە بودجەیان راگیراوە، ماون؟
تەها بەرواری: ئێستا بەشێكی زۆریان ماون و چالاكن، چونكە داوای هاوكاریم لە سەرۆكی حكومەت كرد. كە 21/1/2009 نەخشەڕێ وەكو كۆنسێپت پەسەند كرا،
فەرهەنگخانەكانیش بوونە بەشێك لەو كۆنسێپتە، توانیمان ئەمساڵ لە مانگی حەوت رەزامەندییەكی فەرمی وەربگرین بۆ پارەدان بەو فەرهەنگخانانەی هەن، بەشێكیان لاواز بوون چونكە پارەیان نەبوو، بەشێكیان داخران، بەڵام ئێستا بەو هۆیەوە ئەو پرۆسەیەمان چالاكتر كردووە، بۆ ئەوەی ئەوانەشی كە لەبەر كێشەی بودجە داخراون، چالاك بكرێنەوە.
رووداو:- دەڵێن ئەوەی كاریگەری لەسەر راگرتنی بودجەی فەرهەنگخانەكان هەبوو، عومەر فەتاح بوو؟
تەها بەرواری:  تێڕوانینی كاك عومەر بۆ فەرهەنگخانەكان پۆزەتیڤ نەبوو، بەڵام كە دەڵێم كاك عومەر ناڵێم وەك جێگری سەرۆكی حكومەت نا، بەڵكو لە دیدی یەكێتی نیشتمانییەوە تێبینییەكی زۆری لەسەر ئەو فەرهەنگخانانە هەبوو، من و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە 13/5/2008 چووینە لای بەڕێز عومەر فەتاح و دانیشتنێكی فەرمیمان كرد. كاك عومەر وەك تەعلیقێك گوتی فەرهەنگخانە یان جنۆكەخانە. من پێموایە خوێندنەوەیەكی نا دروست هەبووە، لەلایەن برادەرانی یەكێتی، باوەڕ دەكەم دوای گوێ لێكگرتن و پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەوان زیاتر روون بووەوە كە ئەوەی ئەوان بیریان لێدەكردەوە لەگەڵ واقیعەكە شتێكی دیكەیە، بە تایبەتی دوای هێنانی پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین كە لەگەڵ هەندێك برادەرانی سەركردایەتی یەكێتی دانیشتبوو، گوتبووی ئەوە پرۆگرامێكی زۆر پێشكەوتووە، لە بەریتانیاش شتی وا نییە، هەقوایە پشتگیری بكرێ. لەو بڕوایەدام ئەو توانیبووی بەشێك لەو دڵەڕاوكێیەی كە هەیانبوو نەهێڵێ .
* ئەوان وایان دانابوو فەرهەنگخانەتان بۆ راكێشانی خەڵك بۆ لای پارتی داناون؟
تەها بەرواری: من ناڵێم ئەوان چۆنیان بیركردووەتەوە، ئەوە لەوان بپرسن، بەڵام ئەوەی من بینیم مورتاح نەبوون لە كارەكە و هەوڵیاندەدا یاسا بكەنە رێگری، بەڵام من زۆر بە ئاشكرا گوتوومە و زۆر بە دۆستانە بە زۆر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتشیم گوتووە، لە هەر شوێنێك كە ئەو فەرهەنگخانانە زیان بە بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بگەیێنن، ئاگادارم بكەنەوە بۆ ئەوەی ئێمە رێگری لێبكەین،
چونكە بەڕاستی تەبایی نێو كوردستان گرنگە، كاری فەرهەنگخانەكانیش لە بنەڕەتدا ئەوەیە كە گیانی ئاشتی و پەیوەندییەكی باش دروست بكەن. بۆ نموونە كە فەرهەنخانەی سلێمانی داخرا،
نەچووم بەیاننامە بڵاوبكەمەوە، بەڵام كە ئێستا ئەو باسە دەكەم لەبەرئەوەیە لە كۆتایی كاری كابینەكەداین و قسەی زۆر دەكرێ و، گرنگە هاووڵاتیانی كوردستان ئەو راستییە بزانن. ئەگەر ئامانجمان بووایە وەكو وەرەقەیەكی سیاسی بەكاری بێنین بە دڵنیاییەوە دەمانتوانی بیكەین بە راگەیاندنێكی رەسمی كە فەرهەنگخانەمان داخراوە. بەڵام سەیر ئەوەبوو لەلایەك دایاندەخست لە لایەكیش دەیانگوت گرنگی بەو ناوچەیە نادرێ.
رووداو:- لە راپۆرتەكەدا ئەوە هەیە كە تۆ دوای وەرگرتنی وەزارەت هەمیشە خۆت وەك نوێنەری حكومەت لە وڵاتانی ئەسكەندەنافیا ناساندووە و زۆر سەفەر دەكەی و ئەو سەفەرانەش كاریگەریان لەسەر كار و بودجەی وەزارەت دروستكردووە، گومان لەو بارەوە كراوە، تۆ زۆر پارەت لەو سەفەرانە لە بودجەی وەزارەت خەرجكردووە؟
تەها بەرواری: حەزدەكەم بچن لە وەزارەتی دارایی بپرسن. تائێستا یەك ئیفادم وەرنەگرتووە بۆ سەفەرەكانی دەرەوەم، بۆ كاری وەزارەتیش چوومە ئیفادی وەزارەتم وەرنەگرتووە، هەرچەندە مافێكی سروشتی خۆشمە. تائێستا 37 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتم كردووە، بەڕێوەبەرە گشتییەكانم، لە هەموو وردەكارییەكانی بڕیارەكان ئاگادار كردوونەتەوە.دەسەڵاتی خۆم وەكو وەزیر بەكار نەهێناوە، شەفافیەتێكی زۆر هەبووە، بەڵگەش پرۆتۆكۆڵەكانن. یەكێك لە وەزارەتە هەرە دیموكراتییەكانی حكومەتی كوردستان وەزارەتی وەرزش و لاوان بووە. كام وەزارەت ئەوەندە كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كردووە، لە سادەترین پرس تا گەورەترین پرس ئەوەندە خراوەتە سەرمێز . بۆیەش دەڵێم كە ئەوەندە شەفاف مامەڵەم كردووە، رەنگە هەر خۆم هۆكاری ئەوەبم كە ئەوەندە زانیاری لە وەزارەت چوونەتە دەرەوە. پارە خەرجكردنەكەمان زۆر روون بووە. پێم سەیرە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان رێگە دەدات بەو جۆرە نۆرمەكانی پەرلەمان و حكومەت بشكێندرێن، هەر تێبینییەك هەبێ پێویستە بكرێتە راپۆرتێك و بدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەینێرێتە لای سەرۆكایەتی حكومەت  و ئەویش ئیجرائاتی خۆی دەكات. ئەوە نەكرا بەرامبەری ئێمە، بۆیەش ئەوە زیاتر كەمپینێكی میدیایی بوو لەلایەن سەرۆكی ئەو لێژنەیە دژی وەزیرێكی پارتی. من داخباریشم كە كار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی وەزیری دادیش پێگەی سیاسی خۆی ئیستغلال بكات بۆ دژایەتییەكی سیاسی، هەروەها یەكێتی رێگە بدات كادیرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەشهیر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان بكات. من گلەییم كردووە لەو بابەتە و داوامكردووە كە حكومەت ئیجرائات بكات، ئەوە زێدەڕۆییە لە بەكارهێنانی دەسەڵاتی خۆی. من ئەگەر لە كوردستان وەزیر بم یان پەرلەمانتار بم، چوارچێوەیەكی یاسایی پەرلەمانی هەیە، گلەییەكی دیكەش هەیە ئەویش ئەوەیە كە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەدەبووایە ئەوەندە رێگەی بدابووایە كادیرێكی بەرزی خۆی تەشهیر بگەیێنێتە لوتكەی نزمیی خۆی. ئەوە مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە لەكاتێكدا كاك نێچیرڤان بارزانی، بەسیاسەتێكی ئەوپەڕی بەرز مامەڵەی دەكرد، هەوڵێكی زۆریدا كە برینە كۆنەكان سارێژ بكات، لەو بارودۆخەدا تۆ بێی دەرگا بۆ كادیرێكی خۆت بكەیەوە بەو شێوەیە تەشهیر بكات، جگە لەوەش میدیای خۆتی بۆ بكەیەوە رایەكانی دژی وەزارەت بەكاربێنێ و، وەڵامی وەزیریش بڵاونەكەیەوە. بەداخەوە میسداقیەتی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی لەلای من كۆمەڵێك پرسیاری گەورەی لەسەر دروستبووە.
رووداو:-  باسی ئەوەتكرد كە بەهۆی شەفافیەتی خۆتانەوە زانیاری چووەتە دەرەوە، واتە بەڵگەنامەتان لێ چوونەتە دەرەوە؟
تەها بەرواری: دەتوانم بڵێم سیخوڕیمان بەسەرەوە كراوە. ئەوەی زۆر زۆر نیشانەی پرسیاری لا دروستكردووم، نووسراوی ژمارە 190ی رۆژی 14/8/2008 یە كە دزراوە بۆ پەرلەمانتارێك .
رووداو:- وەڵامتان نەبوو بۆ گۆڤاری جیهان كە راپۆرتێكی سێ بەشی بەناوی گەندەڵییەكانی وەزیری وەرزش و لاوان بڵاوكردەوە، رۆژنامەی ئاوێنەش ئەو راپۆرتەی بەناوی گەندەڵییەكانی وەزارەتی وەرزش و لاوان لەسەر ئێوە بڵاوكردەوە؟
تەها بەرواری: راپۆرتەكەی گۆڤاری جیهان سێ بەش بوو، وەڵاممان بۆ نارد بڵاوی نەكردەوە، لە رێگەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیشەوە داوامانكرد وەڵامەكەیان هەر بڵاونەكردینەوە. راوێژكاری یاسایی وەزارەت گوتی دەتوانی سكاڵای لەسەر تۆمار بكەی، بەڵام وەك پرنسیپ نەمانكرد. هەروەها رۆژنامەی ئاوێنەش وەڵامەكەی ئێمەی بڵاونەكردەوە، ئەوەش پێشێلكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی بوو. بەڵام دیسان سكاڵام تۆمار نەكرد. بەڕاستیش ئەوە ئەو گومانەی سەلماند كە لێیاندەكرا كە لایەنگیری سیاسی هەیە . جگە لەوە لەسەر روونكردنەوەی ئێمەش دیسان چوون پەیوەندییان بە سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیرییەوە كرد، كە تێیدا ئەندامانی لیژنەكە كە گوتوویانە ئەوە راپۆرتی لیژنە نییە، بە "كلكی" حیزب تۆمەتباریان دەكات. بەڕای من دەبووایە پارتی لەسەر ئەوە بێدەنگ نەبێ. ئەو تۆمەتباركردنە هەم لەڕووی زمانەوانییەوە و هەم ئاراستە سیاسییەكەی نەدەبوو لە كەسێكی بە تایبەت هاوپەیمانەوە بێت.
ئاوێنە پێشانیدا كە ئەو دەمامكەی پێشانی خەڵكیان دەدا وانییە، روونكردنەوەكەی وەزارەتی وەرزش  و لاوان زۆر قورس كەوت لەسەر ئاوێنە، چونكە ئەرگۆمێنتی زۆری تێدا بوو. لە راپۆرتێكی زانستیدا كە دوو مامۆستای هارڤارد سەرپەرشتی پرۆژەیەك دەكەن سەلمێنراوە كە ئاوێنە كورتی هێناوە.
رووداو:- لە راپۆرتەكەدا باسی هوتێلی خانزادی شەقڵاوە كراوە كە هی براكانتە بۆیە چالاكی لەوێ دەكەن؟
تەها بەرواری: بەڕاستی یەك دوو رێورەسم هەبوو دەیانویست لەوێ بیكەین، من ئەوەم رەتكردەوە لەوێ بیكەین، گوتیان هەرزانە، گوتم هەر نابێ. بەڵام دوو چالاكی لەوێ كران لەسەر پێداگیری بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی چونكە دەیگوت لەوێ بیكەین هەرزانترە، بەبەراورد بەو عەرزانەی لەچەند هوتێلێكەوە بۆمان هاتوون.
رووداو:- زۆر جاران دەگوترێ، بەرپرسی حكومیش هەیە گوتوویەتی كە وەزارەتەكەتان سەركەوتوو نەبوو، بۆچی نەتانتوانی ئەو كارە بكەن كە پێتان سپێردرابوو؟
تەها بەرواری: نازانم كێ ئەو قسەیەی كردووە، بەڵام پێموایە پەسەندكردنی پرۆگرامی وەزارەت، كە خۆی لە دوو دیكۆمینتی ستراتیژیدا دەبینێتەوە، نەخشە رێی وەرزش و نەخشە رێی لاوان تاوەكو ببێتە ‌بەشێك لە پرۆگرامی حكومەت، بەڵگەی ئەوەیە كە ئێستا توانیومانە لە پرسی لاوان و وەرزش دا كێشەكان دیاری بكەین و هۆكارەكانیان دیاری بكەین .
رووداو:- گوتت زۆر وەزیری وەرزش و لاوان هەیە، ئەوەی سلێمانی ئەگەر مەلا بەختیار بێ، لەناو پارتی كێ وەزیری وەرزش ولاوان بوو؟
تەها بەرواری: هەیە، لە پارێزگا هەیە، لەسەر ئاستی هەولێر هەیە، لەسەر ئاستی سلێمانی هەیە.
رووداو:- لە نێو بەرپرسانی پارتی كەس هەبوو دژایەتیت بكات؟
تەها بەرواری: هەبوو خوێندنەوەی جیاوازی هەبووە بۆ پرسی وەرزش و لاوان.
رووداو:- خۆتێهەڵقورتاندنی مەلا بەختیار لەكاری ئێوەدا هەبوو لە سلێمانی؟
تەها بەرواری: من پێموایە ئەو رۆڵەی كە ئەو هەیبوو، هاوكار نەبوو لەوەی وەزارەت وەكو پێویست بچەسپێت.
رووداو:- گلەیی ئەوە دەكرا كە وەزارەت لەهەولێر و دهۆك چالاكە،‌ لەسلێمانی چالاكی نییە، لە سلێمانی رێگریتان لەپێش بوون؟
تەها بەرواری: لە‌بەر ئەوەی كاك بەختیار سەرۆكی لێژنەی ئۆلۆمپی كوردستان بوو، جگە لەوە بەرپرسی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتیمانییە، تێكەڵبوونی ئەو هەموو رۆڵانە بتەوێ و نەتەوێ كاردانەوەی دەبێ لەسەر كۆمەڵیك بڕیار . هەوڵێكی زۆرمانداوە كە پەیوەندییەكی باشمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو پرسانە لە نزیكەوە چارەسەر بكەین. لەسەرەتادا كاتێكی زۆری ویست تاوەكو ئێمە بتوانین هەنگاوەكان وا باوێژین كە هەمووی بكەوێتە ژێر چەترێكی حكومەتایەتی رێكوپێكەوە، ئێستا هەستدەكەم لەكۆتایی كارەكانماندا، قۆناخێكی باشمان بڕیوە، ئەزموونێكی باشمان وەدەست خستووە، هەرچەندە لە قۆناخی دواییشدا بووبێت، كە وەزارەتی وەرزش ولاوان ئەو چەترە بێت، بەڵام ئەگەر هەر لەسەرەتادا كارێكی جیدی كرابا بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە بە وەزارەت بدرێ، پێموایە زۆر زۆر سەركەوتووتر دەبووین. پێموایە لەناو پارتیشدا رێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، هەندێك كەس لەنێو ئەو رێكخراوەدا هەندێك مافیان بە مافی سروشتی پێشوەختی خۆیان دانابوون . من هەندێك جار هەستدەكەم وەزارەتیان وەكو ركابەرێكی خۆیان لەقەڵەمداوە. بەڕاستی ئەوە تێگەیشتنێكی هەڵەیە بۆ رۆڵی وەزارەت، چونكە ئێمە وەك وەزارەت لەگەڵ ئەوەداین كە رێكخراوی حیزبی چالاك هەبێت، ئەگەر رێكخراوی حیزبی چالاك كاری خۆی بكات گوشاری زیاتر دەبێت لەسەر كار و پرۆژەكان و خزمەتی حكومەت دەكات. حكومەت كارەكەی تەواو جیاوازە.
رووداو:- وەزیری داد دەڵێ ئەو دەستە باڵایەی داواكاریی گشتیی كە لە دیوانی وەزارەت دایناوە، داوای لە دادگا كردووە‌ جێگری پێشووی سەرۆكی حكومەت و چەند وەزیرێك كە یەكێكیان تۆی بدرێنە دادگا، ئێوە ئەو داوایە چۆن لێكدەدەنەوە؟
تەها بەرواری: ئێمە وەك وەزارەتی وەرزش و لاوان ملكەچی یاساین. ئێمە هیچمان نییە بیشارینەوە. بەڵام من زۆر نیگەرانم كە كەسێك كە دەبێ زۆر پێداگر بێت لەسەر سەربەخۆیی سیستەمی داد لە كوردستان كە خۆی لەبەرێز وەزیری داد دا دەبینێتەوە، نابێ ئاڵای حیزبایەتی خۆی بەرز بكاتەوە لەهەڵسوكەوتكردن لەگەل وەزارەتی وەرزش و لاوان. ئاساییە ئەگەر دەستەیەكی وا هەیە و شوێنی هەیە سكاڵا تۆماربكات، بەڵام چۆن رێگە بە خۆی دەدا ئەوە بۆ راگەیاندن باس بكات و تەشهیر بە هاوكارێكی خۆی بكات لەحكومەتدا، بە دڵنیاییەوە من لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستم نواندووەو بە سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستانیشم راگەیاندووە و، ئەوە لە هەر شوێنێكی جیهاندا بكرابا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەكرا. هیوادارم رێككەوتنی ستراتیژی نەبێتە رێگر لەوەی ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێ لەوبارەوە، بۆ ئەوەی سیستەمی دادوەری سەربەخۆ بێت. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە ئەو وا پێشاندەدات كە ئەو دەست‌ لە كاری دادوەری گشتی وەردەدات، بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم دادگا و داواكاریی گشتی بەچاوێكی دیكە سەیری ئەو مەسەلەیە دەكات و چاوەرێی بۆ پرسی وا گرنگ دیكۆمێنتی تەواوی لەبەر دەست بن . تاوەكو ئێستاش نەمبیستووە هیچ داوایەك لە دادگاوە بۆ ئێمە هاتبێت. بەڕێز وەزیری دادیش روونكردنەوەی خۆی دا، پێموایە ئەگەر ئێستا لێی بپرسنەوە رەنگە پەشیمان بێ لەو لێدوانەی كە داویەتی، چونكە دەزانێ تەجاوز كراوەتە سەر هەندێك هێڵی سوری قانونی كە نەدەبووایە بكرابان.
رووداو:- گوتت ئاڵای حیزبی بەرز كردووەتەوە، بەڵام باسی دەستەیەك دەكات كە دامەزراوە لە وەزارەت بۆ چاودێری وەزارەتەكان و وەرگرتنی سكاڵای خەڵك لەسەریان، بۆچی دەبێ ئەوە بە ئاڵای حیزبی لێكبدرێتەوە؟
تەها بەرواری: ئێمە دەزانین بەڕێز وەزیری داد لەسەر كام ئاراستەی حیزبی بووە، وابزانم ئەوە شتێك نییە‌ كە ئاشكرا نەبێ. لایەنی دووەمیش ئەوەیە كە بەڕاستی ئەگەر دەستەی داواكاری گشتیی هەیە بۆچی ئەو لە جیاتی ئەوان قسە دەكات . ئەوە مەسەلەیەكە دەبووایە لە میدیادا باس نەكرێ، چونكە هێشتا تەنها وەك سكاڵا وەرگیراوە.
رووداو:- ماوەی كابینەكە زۆری نەماوە، بەڵام با وای دابنێین ئەگەر پەرلەمانی ئێستا داوا بكات بچییە بەردەم پەرلەمان، ئامادەی بچی؟
تەها بەرواری: نەك ئێستا بەڵكو دە ساڵی دیكەش ئامادەم بچمە بەردەم پەرلەمان.

 

سێ شەممە, 27 تشرینی یەکەم 2009 19:20
 
 
Copy Right © Ministry of Sport & Youth