|
رۆژی 3-10-2009 بەڕێز تەها بەرواری وەزیری وەرزش و لاوانی کوردستان لە دیوانی وەزارەتدا پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی عێراق (خالید جاسم) کرد. لە دانیشتنێکدا هەردوولا باسیان لەبواری رۆژنامەگەری وەرزشی لە کوردستان و عێراقدا کرد و هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر خرایە بەر باس.
هەروەها باس لەپێشخستنی ئاستی پیشەکە لە کوردستان کرا و تیشکی خرایە سەر ئاستی رۆژنامەنووسانی وەرزشی لە کوردستاندا. بەڕێز تەها بەرواری لەلای خۆیەوە دووپاتی ئەوەی کردەوە کە وەزارەتی وەرزش و لاوان ئامادەیە بۆ ئەوە خزمەتی بواری رۆژنامەگەریی وەرزشیی کوردستان بکات، ئەمەش لەپێناو پێشخستنی پیشەکە لە کوردستان. وەزیری وەرزش و لاوان هەر لەو دانیشتنەدا باسی لە سەرکەوتنی وەرزشی کوردستان کرد لە میوانداریکردنی یانەی کوێتی کوێتی و بەڕێوەچوونی یارییەکی گرنگ لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا، کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ تەواوی وەرزشی کوردستان و عێراق. هەروەها بەڕێزیان پێشنیازی کرد کە خولێکی بەهێزکردن بۆ رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان ئەنجام بدرێت، کە لە وڵاتانی عەرەبییەوە وانەبێژی بەناوبانگ و ئاستبەرز تێیدا وانەکان پێشکەش بکەن و پاڵپشتیی وەزارەتی بۆ ئەو کارە دووپات کردەوە، ئەمەش لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی رۆژنامەنووسانی وەرزشی لە کوردستان. لەلای خۆیەوە سەرۆکی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی عێراق سوپاسی وەزیر و وەزارەتی وەرزش و لاوانی کوردستانی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە لە وەرزش و رۆژنامەنووسانی وەرزشی دەکات لە کوردستاندا، دواتریش دیارییەکی پێشکەش بە بەڕێز تەها بەرواری کرد، کە پێکهاتبوو لە ئارمی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی عێراق.
|