|
وه‌زیر -
گوتار
|
|
پێنج شەممە, 12 شوبات 2009 09:57 |
|
نووسینی ته‌ها به‌رواری، وه‌زیری ورزش و لاوان
چوار ساڵه گالای کوردی وه‌ک داهێنانێکی تازه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باکووری ئه‌ورۆپا له دایک بوو. دوو ساڵه دوای سه‌رکه‌وتنی له سوێد له هه‌ردوو ولاتی نۆروێژ و دانمارکیش به‌ڕێوه ده‌چێت و گالای کوردی بۆ ڕێزگرتنه له‌و دۆسته سکاندیناڤیانه‌ی ساڵانێکی زۆره خزمه‌تی کوردستان و کوردستانییه‌کان ده‌که‌ن. ڕێزگرتنه له‌و کورده سه‌رکه‌وتووانه‌ی هه‌ریه‌ک بۆ خۆی سه‌فیرێکه بۆ کوردستان له بواری خۆیدا.
گالای کوردی فۆڕۆمێکه که که‌سانی دوستی سکه‌ندیناڤی و ژماره‌یه‌ک له کوردستانیانی دانیشتوی ئه‌م وه‌ڵاتانه ئاماده ده‌بن. به‌شێکی به‌رچاوی گه‌نجن که مرۆڤ به بینینیان شاد ده‌بێت و هه‌ست به شانازیه‌کی زۆر گه‌وره ده‌کات که کورد ئه‌و هه‌موو کادره زیره‌کانه‌ی هه‌یه له وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا. به‌ڕاستی سه‌رمایه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی کوردستانن که پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌کی سیاسی نوێیان بۆ بکرێت. سوپاسێکی تایبه‌تی سه‌رۆکی حکومه‌تێ کوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ده‌که‌م که به ڤیزیۆنه ستراتیژی و دووربینیه‌که‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ڕه‌خساندووه بۆ ڕێزنان له دۆستانی کوردستان و هه‌روه‌ها له که‌سانی کوردستانیی سه‌رکه‌وتوو. گۆمان له‌وه‌دا نییه ئه‌مه که‌ره‌کته‌رێکی حکومه‌تی زۆر پیرۆز و جێگه‌ی ڕێزه. گالای کوردی بۆته بۆنه‌یه‌ک کورد و دۆستانی کوردستان ساڵانه چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن. هه‌رجار به‌شێکی کادره‌کانی کوردستان گله‌یی ده‌که‌ن بۆ هه‌موو که‌سێک بانگهێشت ناکرێت؟ ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌یه‌ک بدۆزینه‌وه گونجاو بێت. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاگادارین ئه‌م ڕێوڕه‌سمه تاکه بۆنه‌یه‌کی کوردییه سکا‌ندیناڤیان له ئاستی به‌رز و به‌و فره‌وانییه به‌شداری تێدا بکه‌ن. پێشنیاری من ئه‌وه‌یه ئه‌م مۆدێله سه‌رکه‌وتووه بگوێزرێته‌وه هه‌موو ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی لێیه، له ته‌ک چه‌ندین چالاکی دیکه‌ی فه‌رهه‌نگی، وه‌رزشی، بازرگانی و ئه‌کادیمدا ببنه ئامرازێک بۆ ناساندنی کوردستان و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی جیهانییه‌وه. کوردانی ده‌ره‌وه‌ی تێکه‌ڵ به جڤاتی نوێ به که‌سانی دۆست و داموده‌زگه‌ی گرنگی وه‌ڵاتانی دیکه هێزێکی سازه‌ندی سه‌نگیننن و ده‌بێت گرنگیی تایبه‌تیان پێ بدرێت. ڕه‌وه‌ندی هه‌نده‌رانمان ئه‌رته‌شێکی خاوه‌ن به‌هره‌ی فه‌رهه‌نگیی هه‌مه‌ڕه‌نگن له‌بواری داکۆکی له کوردستان، پته‌وکردنی هاوپه‌یمانه‌تی و پێگه‌ی خۆمان له جیهاندا خاوه‌ن نه‌خش و توانان ده‌بێت ئێمه ڕێبازی گونجاو بگرینه به‌ر بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگییان. وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێت پردێکی به‌هێز له‌نێوان لاوان و وه‌رزشکارانی کوردستان و دیاسپورا بۆ خزمه‌تی هه‌ردوولا دامه‌زرێنێت. کاری وه‌ها به‌تایبه‌تی له کیشوه‌ری ئه‌ورووپا که ڕه‌وه‌ندێکی به‌رچاوی کوردستانی هه‌یه سه‌نگ و زایه‌ڵه‌یه‌ی خۆی ده‌بێت. گه‌ر چاودێران به وردی کۆمێنتاری به‌شداربووانی گالای کوردی بخوێننه‌وه بۆیان ده‌رده‌که‌وێت چه‌نده گرنگه کاری ئاستبه‌رزی وه‌ها زیاتر و فره‌وانتر بێت. که‌سانی شا‌ره‌زا په‌ی ده‌به‌ن به‌وه‌ی گالای کوردی «په‌بلیک دیپلۆماسی»یه و ده‌بێت گه‌شه بکات. جگه له‌وه‌ی ناوی کوردستان له به‌ستێنی گه‌شدا خویا ده‌بێ، وه‌فاداریشه به‌رامبه‌ر که‌سانێکی خۆماڵی و بیانی که له ڕۆژگاری دژوار‌دا خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوون و هاندانێکیشه بۆ کاری زیاتر و به‌رجه‌سته تر.
|